وتووێژ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ده‌ربازبووانی میکونوس له ساڵیادی ئه‌و تیرۆره‌دا
و: ره‌شید حه‌یده‌ری
ميكونوس
په‌ڵه‌یه‌کی شه‌رم
که به هیچ ره‌نگێک له داوينی کۆماری ئیسلامی نابێته‌وه
ئێستا له سیپتامبه‌ری 1992 دوازده ساڵ تێپه‌ڕیوه. له‌و رۆژه‌دا دڕندانه‌ترین تیرۆری سیاسی له شاری به‌رلینی ئاڵمان رووی‌دا که تێیدا رێبه‌ری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ژماره‌یه‌کی دیکه له تێکۆشه‌رانی سیاسیی فارس و کوردی ئێرانی ناجوانمێرانه کوژران. تیرۆره‌که له رستورانی ئێرانیی میکونوس به‌ڕێوه چوو. "اسفنديارصادق زاده" یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که له‌و تیرۆره به‌سڵامه‌ت ده‌ربازبوو. ناوبراو له گیراوانی سیاسیی سه‌رده‌می شا و یه‌کێک له تێکۆشه‌ران و کادره‌کانی حیزبی "تووده"ی ئێران له ساڵه‌کانی دوای شۆڕشی ساڵی 1978دایه.
ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه، وتووێژێکه که به بۆنه‌ی 17ی سیپتامبه‌ر (ساڵڕۆژی تیرۆری میکونوس) له گه‌ڵی‌دا ئه‌نجام دراوه و بۆ بڵاوکردنه‌وه خراوه‌ته به‌رده‌ست "په‌یک نێت". له سه‌ره‌تای ئه‌م وتووێژه‌دا، "صادق زاده" ده‌ڵێت:
تیرۆری دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی ئه‌و کاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی یه‌كێک له پڕتاوانترین و له هه‌مان کات‌دا ناجوانمێرانه‌ترین تیروره سیاسی‌یه‌کان بوو. قووڵایی ئه‌م کاره‌ساته به راده‌یه‌که که له‌بیرکردنی بۆ هه‌موان نامومکینه، تا بگات به‌و که‌سانه‌ی که شاهیدی راسته‌وخۆی ئه‌م تاوانه بوون.
پانتایی سیاسیی ئه‌م تاوانه له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که بزانین رێبه‌رانی ئه‌و کاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران که له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تیرۆر کران، (له نێویاندا دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملووش که له ڤییه‌ن پێته‌ختی ئوتریش له‌سه‌ر مێزی وتووێژ له‌گه‌ڵ نێردراوانی سپای پاسداران و سه‌رکۆماری ئه‌وکات "هاشمیی ره‌فسه‌نجانی" تیرۆرکرا)، له سیاسه‌تی وتووێژ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کوردستان دیفاعیان ده‌کرد و شێوازی دوور له توندوتیژی‌یان له حیزبی دیموکرات‌دا گرتبووه به‌ر. سیاسه‌تێک که ده‌یتوانی یارمه‌تیی پاراستنی یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بدات و داهاتوویه‌کی جیاواز له کوردستانی ئێراقی بۆ کوردستانی ئێران به‌دواوه بێت.
ئه‌وه‌ی که کێ و به ده‌ستووری چ که‌سانێک ئه‌م تیروره‌یان جێبه‌جێ کرد ئه‌وڕۆ بۆ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان به‌وردی روونه و بۆ ئۆپۆزسیونی کۆماری ئیسلامیش، چ کورد و چ فارس، جیا له گرێوگوڵ بوونی باری ئاسایشیی کێشه‌که، تاراده‌یه‌کی زۆر و له بنه‌ڕه‌ت‌دا ئاشکرایه. کاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی و ئاسایشیی ئاڵمان، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی قه‌زایی و ئه‌منیه‌تیی فه‌رانسه و ئوتریش، تا خاڵی کۆتایی به‌دوای ئه‌م تیرۆره‌دا چوون و به ئازایه‌تی‌یه‌کی که‌م وێنه و به گوێ‌نه‌دان به هه‌موو گوشاره سیاسی و ئابووریی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ئاکامی مه‌حکه‌مه و حوکمه‌که‌ش راگه‌یه‌ندرا. هه‌ر به‌و جۆره‌ی که هێمای بیره‌وه‌ریی قوربانیانی تیرۆر، به بێ ئه‌وه‌ی گوێ‌بدرێته هه‌ڕه‌شه و فڕوفێڵه‌کانی شارداری تاران، که یه‌کێکه له هه‌ڤاڵانی بکوژانی میکۆنۆس، له به‌رده‌م ئه‌و رستورانه‌ی تیرۆره‌که‌ی تێدا ئه‌نجام درا، دانرا.
له حوکمی دادگای ئاڵمان‌دا ناوی رێبه‌ر (عه‌لی خامنه‌یی)، سه‌رکۆماری ئه‌وکات (هاشمیی ره‌فسه‌نجانی که پاش تیرۆره‌که له چاوپێکه‌وتنێک‌دا تیرۆره‌که‌ی به ئاکامی ناکۆکیی باڵه نێوخۆیی‌یه‌کان ودووبه‌ره‌کیی ده‌روون حیزبی له‌قه‌ڵه‌م دا)، وه‌زیری ده‌ره‌وه (عه‌لی ئه‌کبه‌ر ویلایه‌تی که هه‌شت ساڵ پاش بزووتنه‌وه‌ی رێفۆرم به‌ته‌مایه ببێته سه‌رکۆماری سه‌رده‌می دژه ریفۆرم) و وه‌زیری ئیتلاعات و ئاسایشی ئه‌وکات (عه‌لی فه‌لاحیان که ئه‌ندامی مه‌جلیسی خوبره‌گانی رێبه‌ری و له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاسایشی هاوته‌ریبه) به‌ڕاشکاوی و له ژێر ناوی "کومیته‌ی ده‌رکردنی فه‌رمانی تیرۆر" راگه‌یه‌ندرا و ئه‌مه‌ش نوێکاری‌یه‌کی که‌م وێنه بوو له سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت. ده‌سه‌ڵاتێک که ده‌یتوانی بکه‌وێته ژێر گوشاری ئابووری – سیاسیی کۆماری ئیسلامی و له‌راستیشدا که‌وتبوو.
ئه‌وه‌ی که چ که‌سانێک ده‌ستووریان دا و جێبه‌جیکه‌ران کێ بوون چیتر بایه‌خی ئه‌وتۆی نییه. ئه‌وه‌ی که بایه‌خی هه‌یه خودی رووداوه‌که، واته تیرۆر و ئاکامه‌کانی وه‌ک هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی حکوومه‌ت له ماوه‌ی 25 ساڵی رابردوودا یه. سیاسه‌تێک که به‌هۆیه‌وه وه‌ڵامی حه‌قخوازی و لایه‌نگری له ژیانی شه‌رافه‌تمه‌ندانه به گولله ده‌درێته‌وه. سروشتی‌یه که ئه‌م کێشه‌یه زۆر قووڵه و ده‌بێ له تیرۆره سیاسی‌یه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات یان نێو ئوپوزسیۆن له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئیعدام و کۆمه‌ڵکوژیی ساڵی 67 به‌شوێن ره‌گ و ریشه‌ی‌دا بگه‌ڕێیت. له‌م نێوه‌دا، گێلانه‌یه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و گومانه‌ش قامک دانه‌نێین که هێزه ده‌ره‌کی‌یه‌کانیش له ته‌نیشت ده‌سه‌ڵات‌دا و له به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌م سیاسه‌ته ده‌ستیان هه‌بووه و هێشتاش هه‌ر ده‌ستیان هه‌یه. وه‌ک چۆن بینیمان له هێرشی ئێراق بۆ ئێران و درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره ده‌ستیان هه‌بوو.
من وه‌ک یه‌کێک له ده‌ربازبووانی ئه‌م تیرۆره دڕندانه‌یه، هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ قوربانی‌یه‌کانی هاوده‌ردیم کردووه و ده‌یکه‌م، له هه‌مان کات‌دا که ده‌زانم خه‌ڵکی ئێران رووداوی به هه‌زاران جار تاڵتر و قورس‌تر له‌م رووداوانه‌یان بینیوه و لێی تێپه‌ڕبوون. من پێم وایه تاقه‌ت‌هێنان له ئاست ژیانی جه‌هه‌نه‌میی ئێستا له ئێران‌دا، له‌خۆی‌دا تاوانێکی به‌رده‌وام و تیرۆری بێ‌پسانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی ئێرانی‌یه‌کانه.
سه‌باره‌ت به روودانی ئه‌م تیرۆره زۆر گوتراوه و نووسراوه، ره‌نگه کاتی ئه‌وه هاتبێت منیش به‌نۆره‌ی خۆم و وه‌ک شاهیدێکی ئه‌م تیرۆره چه‌ند خاڵێک به‌وه‌ی تا ئێستا گوتراوه زیاد بکه‌م.
له‌نێوان کاتژمێر 7 و 8 ی دوانیوه‌ڕۆی 17 ی سیپتامبه‌ر، بۆ دیتنی کۆنه هاوڕێم و خاوه‌نی چێشتخانه‌ی میکۆنۆس" عزيرطبيب غفاری" چووم. دۆستایه‌تیی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌کانی به‌ر له شۆڕش که هه‌ردووکمان گیراوی رێژیمی شا بووین. زۆر جار سه‌ردانی "عه‌زیز"م ده‌کرد و رۆژی رووداوه‌که‌ش یه‌کێک بوو له‌م چاوپێکه‌وتنانه.
- رۆژی رووداوه‌که‌ش به‌هه‌ڵکه‌وت چوویت بۆ ئه‌وێ یان له‌پێش‌دا ئاگادار بوویت که کۆبوونه‌وه‌یه؟
- زۆر جاران، ئه‌گه‌ر چاوپێکه‌وتن و کۆبوونه‌وه بایه "عه‌زیز" منیشی ئاگادار ده‌کرد و ده‌یگوت ئه‌گه‌ر پێت خۆشه وه‌ره. له مێژ بوو له‌م کۆبوونه‌وانه‌دا به‌شداریم نه‌ده‌کرد چوونکه قسه‌کان دووپاتکراوه بوون و بێ ئاکام. ئه‌و شه‌وه‌ش نه‌مده‌زانی له‌وێ کۆبوونه‌وه‌یه. "عه‌زیز"یش له‌سه‌ر ئه‌و حیسابه‌ی که من چیتر له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره کۆبوونه‌وانه‌دا نێوانم خۆش نییه و یان ره‌نگه به‌پێی قرارێک که له‌گه‌ڵ میوانان‌دا هه‌یبوو شتێکی نه‌گوتبوو. به‌هه‌ڵکه‌وت رۆییشتم بۆ ئه‌وێ "عه‌زیز" ببینم. کاتێک چوومه ژووره‌وه "عه‌زیز" نه‌ختێک ئاڵۆز ده‌هاته پێش‌چاو. گوتی ئه‌وشه‌و میوانی گرینگی هه‌یه و به‌داخه‌وه چێشتلێنه‌ری چێشتخانه‌که نه‌هاتووه، وه‌ره نێو چێشتخانه‌که‌وه و نه‌ختێک یارمه‌تیم بده. گرفتی "عه‌زیز" گرفتی من بوو، چوونکه هه‌ر وه‌ک گوتم ئێمه کۆنه هاوڕێی یه‌ک بووین. پێکه‌وه خه‌ریکی دروست‌کردنی خواردنه‌که بووین. به‌ده‌م دروست‌کردنی خواردنه‌که‌وه "عه‌زیز" پێی گوتم میوانه‌کان کێن. گوتی ژماره‌یه‌ک له رێبه‌رانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئه‌وشه‌و لێره میوان ده‌بن. پاش ماوه‌یه‌ک میوانه‌کان هاتن و "عه‌زیز" گوتی: ئه‌گه‌ر پێت خۆش بێت ده‌توانی بێیته نێو هاڵه‌که و نێو ریزی میوانه‌کانه‌وه.
- میوانان وه‌ک دیار بوو پێکه‌وه وتووێژ و چاوپێکه‌وتنی سیاسی‌یان هه‌بوو، چۆن بوو ئێوه‌یان له نێو خۆیان‌دا جێ کرده‌وه؟
- کاتێک "عه‌زیز" پێشنیاری کرد بێمه نێو هاڵه‌که و نێو ریزی میوانه‌کانه‌وه، بۆ ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بووم و پاشان گوتم لێیان بپرسه و بزانه بۆ ئه‌وان گرفت نییه که من به‌شداری کۆڕه‌که‌یان بم؟ "عه‌زیز" رۆیشت و کاتێک بۆ بردنی خواردنه‌که گه‌ڕایه‌وه گوتی میوانه‌کان ره‌زامه‌ندی‌یان ده‌ربڕیوه.
کاتێک خواردنه‌که ئاماده بوو، ئه‌مجاره‌یان منیش له‌گه‌ڵ "عه‌زیز" چوومه ساڵۆنه‌که و ئه‌و ژووره تایبه‌تی‌یه‌ی که میوانان تێیدا دانیشتبوون. ژووره‌که به‌سه‌ر پارکێک‌دا ده‌یڕوانی و ده‌ره‌وه‌ت به‌ته‌واوی لێوه دیاربوو. سه‌ره‌تا منی به دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی ناساند و دواتر به‌وانی تر. شه‌ره‌فکه‌ندی زۆر به‌گه‌رموگوڕی جوڵایه‌وه و دوای ده‌ستمۆچانێکی گه‌رم و دۆستانه له ته‌نیشت خۆی داینام. روخساری نه‌جیب و دۆستانه‌ی له‌سه‌ر دڵم جێی‌گرت. ئه‌مه یه‌که‌م جار بوو شه‌ره‌فکه‌ندیم ده‌بینی. له‌سه‌ر چالاکیی سیاسیم له رابردوو و سه‌رده‌می گیرانم له زه‌مانی شادا لێی پرسیم. گوتم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له گیراوانی سیاسیی کورددا هاوزیندانی بووم. خێرا پرسی: له‌گه‌ڵ کێ‌دا؟ پێم گوت له‌گه‌ڵ "عبدوڵڵا عیزه‌تپووڕ و غه‌نی بلووریان" له یه‌ک به‌نددا بووین. شه‌ره‌فکه‌ندی وه‌ک گوڵ به‌ڕووم‌دا کرایه‌وه. وه‌ک بڵێی ناسراوێکی کۆنی دۆزیبێته‌وه. ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌م هینده به‌لاوه خۆش بوو که کاتم له بیر چووبوو، تا ئه‌و کاته‌ی "عه‌زیز" هات و گوتی خواردن ئاماده‌یه و بۆ هێنانی خواردنه‌که داوای کرد یارمه‌تیی بده‌م. پێکه‌وه چووینه نێو چێشتخانه‌که. پاش هێنانی خواردنه‌که له شوێنی لێنان بۆ ژووری میوانه‌کان، بینیم جێگاکه‌ی من له ته‌نیشت شه‌ره‌فکه‌ندی‌دا، "نووری دهکوردی" ی له‌سه‌ر دانیشتووه. له‌وسه‌ری هه‌ر هه‌مان ریز‌دا، کورسی‌یه‌کی به‌تاڵ هه‌بوو که به ئیشاره‌تی "عه‌زیز" چووم له‌سه‌ری دانیشتم. نان‌خواردن ده‌ستی‌پێ‌کرد. له‌و که‌سانه‌ی ده‌مناسین، یادی به‌خێر "نووری دهکوردی" بوو که پێشتر چه‌ند جارێک له کۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆردا چاوم پێ که‌وتبوو، "په‌رویز ده‌ستمالچی" که ئه‌ویشم هه‌ر له‌م چه‌شنه کۆبوونه‌وانه‌دا دیتبوو و سه‌ره‌نجام "مه‌سعوود میر را‌شد"، که ئه‌ویشم چه‌ند جارێک له چێشتخانه‌ی میکونوس‌دا دیتبوو.
- له‌و دانیشتنه شه‌وانه‌دا هیچ وته‌یه‌کتان له دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له‌بیر نییه؟
- بۆ نه. کاتێک "عه‌زیز" به دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندیی ناساندم دوکتور گوتی: بڕیار وابوو ئه‌م دانیشتنه سبه‌ی شه‌و لێره به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه سبه‌ی‌شه‌و له شاری "کۆڵن" کۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه، میوانی و چاوپێکه‌وتنه‌که‌مان شه‌وێک وه‌پێش خست. ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، واته یه‌ک شه‌و خستنه‌پێشی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه بوو که "عه‌زیز" و "نووری دهکوردی" تا کاتی خواردنی ئێواره بۆ که‌سانی جۆراوجۆر ته‌له‌فۆنیان ده‌کرد و له وه‌پێش‌خستنی کاتی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه ئاگاداریان ده‌کردنه‌وه و پێیان راده‌گه‌یاندن که ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ده‌توانن بێن بۆ رستورانه‌که. ته‌نانه‌ت جارێک به خۆمیان گوت به ئوتومبێله‌که‌ی "عه‌زیز" به‌دوای "عه‌بدوڵڵا عیزه‌تپووڕ" دا بڕۆم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوکتۆر حه‌تمه‌ن ده‌بێ ئه‌وشه‌و چاوی پێ بکه‌وێت، که دواتر ئه‌م به‌رنامه‌یه هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
- ئێوه که گیراوی سیاسیی شا بوون و گرینگیی کێشه‌ی ئاساییش‌تان ده‌زانی، بۆ ئه‌و شه‌وه پێشنیارتان نه‌کرد وریا بن؟
ئه‌وه‌ی راستی بێت هه‌ر له سه‌ره‌تای خۆناساندنم به دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی تا ئه‌و ساته‌ی تیرۆریسته‌کان هاتنه ناو چێشتخانه‌که‌وه بیرم هه‌ر له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌کرده‌وه. بیر له ئه‌وه‌ی که رێبه‌رانی حیزبێک که له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا له خه‌بات و پێکدادانی چه‌کداری دان له‌به‌ر چی و چۆنه که به‌م جۆره به‌که‌مته‌رخه‌می‌یه‌وه له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک‌دا و له رستوورانێک‌دا که هه‌موو که‌س ده‌توانێ بێته ژووره‌وه به‌شداری ده‌که‌ن. له لای خۆمه‌وه وام لێک‌دابوه‌وه که حه‌تمه‌ن پۆلیسی ئاڵمان ئاگاداره و له رستورانه‌که پارێزگاری ده‌کات. ته‌نانه‌ت، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی کاره سیاسی‌یه‌کانی خۆم بیرم ده‌کرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بۆ خۆشیان به پۆلیسی ئاڵمانیان نه‌گوتبێت لێره کۆده‌بنه‌وه، تۆڕی ئاسایشی ئاڵمان به‌شێوه‌ی ئوتوماتیک پاراستنی ئه‌وانی له‌خۆ گرتووه.
- له بیرتان دێت ته‌وه‌ری وتووێژه‌کان چ بوو؟
- باسه‌کانی ئه‌و شه‌وه به‌گشتی له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی گیروگرفته کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان و شێوه‌ی ره‌فتاری ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ خه‌ڵک‌دا و به‌تایبه‌ت هه‌ڵوێستی حیزبی دیموکرات له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌خولایه‌وه. دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له‌سه‌ر یه‌کێتیی میللی و جۆرێک له خودموختاری بۆ میللی‌یه‌ته‌کانی ئێران و دیموکراسی له ته‌واوی ئێران‌دا پێی‌داده‌گرت. بۆ من به‌شی هه‌ره سه‌رنجڕاکێشی ئه‌م باسانه، ئه‌و ئیستیدلال و ده‌لیل‌هێنانه‌وانه بوون که شه‌ره‌فکه‌ندی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی که‌ڵک‌وه‌رگرتن له شێوازی ئاشتی‌یانه و گه‌ییشتن به جۆرێک له دیالۆگ و ره‌ت‌کردنه‌وه‌ی گرتنه‌به‌ری شێوازی توندوتیژی ده‌یهێنانه‌وه.
- تیرۆریسته‌کان چ کاتێک هاتنه ناو چێشتخانه‌که و ئێوه که‌نگێ له بوونی ئه‌وان ئاگادار بوون؟
- ده‌وروبه‌ری کاتژمێر یازده‌ی شه‌و هاتنه ژووره‌وه. من له حاڵێک‌دا گوێم‌دابووه قسه‌کان، له‌سه‌ر ده‌وریی خواردنه‌که‌م دوا تیکه‌ی خواردنه‌که‌م به‌م دیو به‌و دیودا ده‌دا که له‌پڕ چه‌ند قه‌واخه فیشه‌ک که‌وتنه نێو ده‌وریی خواردنه‌که‌مه‌وه. به‌په‌شۆکاوی‌یه‌وه سه‌رم هه‌ڵبڕی. پیاوێکی ده‌موچاو داپۆشراو و چه‌ک به‌ده‌ست له به‌رامبه‌ر شه‌ره‌فکه‌ندی‌دا راوه‌ستابوو و قه‌واخه فیشه‌که‌کان له چه‌که‌که‌ی ئه‌وه‌وه ده‌رده‌په‌ڕین. بێ ئه‌وه‌ی به خۆم بزانم، له‌گه‌ڵ که‌سه‌که‌ی ته‌نیشتم‌دا، خۆم هاویشته ژێری مێزه‌که‌وه. له‌م ساتانه‌دا گوێم له ته‌قه‌ی تاکوترۆ بوو. پێی که‌سانێکم ده‌بینی که به‌خێرایی له ژووره‌که وه‌ده‌رده‌که‌وتن. هه‌ر که له ژووره‌که چوونه ده‌رێ، له ژێر مێزه‌که هاتمه ده‌رێ. له‌و چوار که‌سه‌ی له به‌رامبه‌رم دانیشتبوون دوو که‌سیان له‌سه‌ر عه‌رز که‌وتبوون و "عه‌زیز"یش به‌ده‌م تلانه‌وه خه‌ریک بوو ده‌که‌وته سه‌ر عه‌رز. دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له‌حاڵێک‌دا گیانی تێدا نه‌مابوو ده‌سته‌ی کورسی‌یه‌ک گرتبوویه‌وه و نه‌یهێشتبوو بکه‌وێته سه‌ر عه‌رز. "دێهکوردی" به سینگ‌دا له‌سه‌ر مێزه‌که که‌وتبوو و ده‌نگێک که له "پرخه" ده‌چوو له ده‌می ده‌هاته‌ده‌رێ. من ته‌نیا توانیم "عه‌زیز" که ده‌تلایه‌وه له باوه‌ش‌بگرم و به‌ره‌و ده‌رگای چێشتخانه‌که‌ی راکێشم تا به‌شکه‌م بیگه‌یه‌نمه نه‌خۆشخانه. له‌م کێشمه‌کێشه‌دا بووم که پۆلیس هاته نێو چێشتخانه‌که‌وه و داوای له هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌مردبوون کرد ده‌ستیان به‌رزکه‌نه‌وه. پۆلیس داوای له قوربانیان ده‌کرد ده‌ست هه‌ڵێننه‌وه و جێبه‌جێکه‌رانی تیرۆر له‌وێ نه‌مابوون.
- لێکۆڵینه‌وه له هه‌مان شوێن‌دا ده‌ستی پێ‌کرد؟
لێکۆڵینه‌وه و لێپرسینه‌وه‌کان له رۆژ و حه‌وتووه‌کانی دوایی‌دا به‌رده‌وام بوو. شاهیده‌کان بۆ لق و رێکخراوه جۆراوجۆره‌کان بانگ‌کران تا ئه‌وه‌ی بینیویانه بیڵێن و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی پۆلیس بده‌نه‌وه. پۆلیسی ئاڵمان زیاتر له هه‌موو شتێک به‌دوای ناسینه‌وه‌ی روخساری تیرۆریسته‌کانه‌وه بوو. وێنه‌ی جۆراوجۆریان پێ‌نیشان‌دام و له‌ڕووی ئه‌و نیشانانه‌ی شاهیدانی تاوانه‌که دابوویان وێنه‌گه‌لێک ئاماده‌کرابوون که به منیشیان پیشان دان. ته‌نانه‌ت نیوچه ته‌ئید‌کردنی وێنه‌کانیش بۆ پۆلیس زۆر گرینگ بوو و نه‌یانه‌ویست کات له‌ده‌ست بڕوات. ناسینه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی چه‌که ئوتوماتیکه‌که (مسلسل)ی به‌ده‌سته‌وه بوو و له به‌رامبه‌ر شه‌ره‌فکه‌ندی‌دا بینیبووم، بۆ پۆلیسی ئاڵمان له پله‌ی یه‌که‌م‌دا بوو. پاش ماوه‌یه‌ک پۆلیس رایگه‌یاند که که‌سێکیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تیرۆری میکونوس‌دا گرتووه. به‌دوای ئه‌وه‌دا، من و شاهیدانی دیکه‌ی تاوانه‌که‌یان، بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌موچاوی که‌سی چه‌ک‌به‌ده‌ست، بۆ ناوه‌ندی پۆلیسی تاوان (جنائی)ی ئاڵمان له ده‌ره‌وه‌ی شاری کۆڵن برد. به‌رله‌وه‌ی ئێمه وه‌ک شاهیدی رووداوه‌که بۆ هاڵێکی تایبه‌ت بۆ ناسینه‌وه‌ی که‌سی گیراو ببه‌ن، یه‌کێک له شاهیده‌کان و ده‌ربازبووانی ئه‌و شه‌وه خوێناوی‌یه رایگه‌یاند که که‌سه گیراوه‌که عه‌ره‌به و لوبنانی‌یه. ئه‌مه زانیاری‌گه‌لێک بوو که له وه‌رگێڕه‌که‌وه گیری که‌وتبوو. هه‌ر ئه‌و شاهیده پێشنیاری کرد هه‌موومان بڵێین ئه‌مه هه‌مان که‌سه که چه‌که ئوتوماته‌که‌ی به ده‌سته‌وه بووه. له وه‌ڵام‌دا گوتم: ئێمه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی له چێشتخانه‌که‌دا بینیومانه هێناوه‌ته ئێره نه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ری خه‌یاڵی ئێمه‌یه یان ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕه‌که گوتوویه‌تی. له‌راستیشدا، دواتر ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سه‌ی یه‌که‌م جار گیرابوو ئه‌و که‌سه نه‌بوو که چه‌که ئوتوماته‌که‌ی به ده‌سته‌وه بوو و پۆلیس بیری‌لێکردبووه‌وه. که‌سی ده‌سگیرکراو "یوسف ئه‌مین" بوو که له شه‌وی تیرۆره‌که‌دا، رۆڵی نیگابانی به‌رده‌رکی چێشتخانه‌که‌ی گێڕاوه و هیچکام له ئێمه نه‌مانبینیبوو. ئه‌م روون‌کردنه‌وه‌یه‌ی دواییم له‌به‌ر ئه‌وه دا که ته‌ئکیدبکه‌م که زۆربه‌ی ده‌ربازبووان ئه‌و شه‌وه نه‌یانتوانی یارمه‌تی‌یه‌کی به‌رچاو به پرۆسه‌ی ناسینه‌وه‌ی تیرۆریسته‌کان و پێکهێنانی دادگای میکونوس بکه‌ن. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که تاڕاده‌یه‌کیش بوونه هۆی دژواریی کاری که‌سانی دی. پاش ساڵیانێکی زۆر لێکۆڵینه‌وه و هه‌وڵوته‌قالا، ئاقیبه‌ت پۆلیسی ئاڵمان په‌روه‌نده‌که‌ی ته‌واوکرد و ره‌وانه‌ی دادگای کرد.
- سه‌ره‌نجام ئه‌و که‌سه‌ی چه‌که ئوتوماته‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو ناسرایه‌وه یان نا؟
ته‌قریبه‌ن ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌و تیرۆره‌دا هه‌بوو ده‌سگیرکران، کابرای چه‌کی ئوتومات‌به‌ده‌ست نه‌بێت. واته ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و شه‌وه ده‌سڕێژی له هه‌موان کرد. ئه‌و کابرایه ئێرانی و به‌ڕێوه‌به‌ری راسته‌وخۆی تیرۆره‌که بوو که چه‌ند کاتژمێرێک دوای تیرۆره‌که به پاسپۆرتی دیپلۆماتی له ئاڵمان ده‌رچووبوو. له‌م دوایی‌یانه‌دا، له یه‌کێک له سایته ئینترنێتی‌یه‌کان‌دا، که پێم وایه "په‌یک نێت" بوو، خوێندمه‌وه که ناوبراو ناوی " سيد جمال الدين جهرمی "یه. هه‌ر ئه‌م سایته کورته‌یه‌ک له رابردووی ناوبراوی بڵاوکردبووه‌وه و نووسیبووی که ده‌یانه‌وێت له شاری "جهرم" بیبه‌نه مه‌جلیسی حه‌وته‌مه‌وه. ئه‌و کابرایه، پاش شۆڕش له شاری "جهرم" له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی وه‌ک خۆی، گرووپێکیان دامه‌زراندبوو که به‌ناوی گرووپی "قه‌ناتی"یه‌کان ناسرابوو. ئیمام جومعه‌ی شاری "جهرم"یش هاوکاریان بوو. ئه‌و گرووپه ئه‌و که‌سانه‌یان، که له شۆڕشی 57 دا دیار و به‌رچاو بوون، ده‌کوشت و له بیره‌کانی ده‌وروبه‌ری "جهرم"یان ده‌هاویشتن و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش به گرووپی "قه‌ناتی"یه‌کان ناوبانگیان ده‌رکردبوو.
- هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه له دادگای میکونوس چییه؟
ره‌وتی دادگا به شاهیدیی گشت مافناسه‌کان بێلایه‌نانه و له هه‌مان کات‌دا پابه‌ند به وه‌ده‌ست‌هێنانی حه‌ق بوو. ره‌نگه له‌م روانگه‌وه بکرێ بڵێین دادگایه‌ک بوو که‌م وێنه که سه‌ره‌ڕای هه‌موو زه‌خت و گوشاره سیاسی‌یه‌کان، ئه‌رکی قه‌زایی خۆی به‌شێوه‌یه‌کی شیاو به‌جێ‌گه‌یاند و نموونه‌یه‌کی له قه‌زاوه‌تی سه‌ربه‌خۆ له حکوومه‌ت له مێژووی قه‌زایی ئاڵمان‌دا له دوای خۆی به‌جێ‌هێشت.
- سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تیی قایمی سه‌رۆکی قازی‌یه‌کان زۆر شت گوتراوه.
به‌ڵێ. ئه‌وه راستی‌یه‌که.
- ئه‌ی گوشاره‌کانی حکوومه‌تی ئێران؟
ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندیی به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و کاتی کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تیرۆری میکونوس و دادگاکه‌ی‌دا هه‌یه، له که‌س شاراوه نییه. ئه‌وان له هه‌مان شێوه‌کانی پێشووی خۆیان بۆ هێنانی گوشاری ئابووری و سیاسی بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئاڵمان که‌ڵکیان وه‌رگرت و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان دایه به بارمته‌گرتنی بازرگانێکی ئاڵمانی له تاران که پێم وایه ناوی "هوفر" بوو. ئه‌مه هه‌مان شێوه‌یه که له لوبنانیش‌دا زۆرجاران که‌ڵکیان لێوه‌رگرت. هه‌ربۆیه ناوهێنانی کارشکێنی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێش‌گرتن له ره‌وتی ئاسایی و قه‌زایی دادگای میکونوس پێویستی‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه. هه‌رچۆنێک بێت ئه‌وانێش له ئێران‌دا ده‌یانزانی که درێژه‌ی ئه‌م دادگایه به حوکمێک کۆتایی پێدێت که ناوی رێبه‌رانی ئه‌و کاتی کۆماری ئیسلامی تێیدا دێته‌گۆڕێ. سروشتی بوو که له هیچ رێگایه‌ک بۆ به‌رگرتن له درێژه‌ی کاری دادگا خۆلانه‌ده‌ن.
له‌سه‌ر ئێرانیانی ده‌ره‌وه‌یش، به رای من، زانیاریی ناڕاست که زۆرجاران له ماوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس‌دا بڵاویان کرده‌وه یان له ئختیاری پۆلیسیان نابوو، تاڕاده‌یه‌ک کاری ته‌واوکردنی په‌روه‌نده‌که و ناردنی بۆ دادگای وه‌دواخست. ته‌نانه‌ت له‌درێژه‌ی دادگایه‌که‌ش‌دا ئه‌و وه‌زعه تاڕاده‌یه‌ک درێژه‌ی هه‌بوو و هه‌ر بۆیه‌ش دادگایه‌که ئه‌و هه‌مووه درێژه‌ی کێشا. وه‌ک نموونه هاتنه ناوه‌وه‌ی رێکخراوی موجاهدینی خه‌ڵک بۆ نێو ئه‌م رووداوه بوو. رووداوێک که قه‌ت پێوه‌ندیی به رێکخراوی ناوبراوه‌وه نه‌بوو و ته‌نیا له‌به‌ر پرۆپاگه‌نده‌ی رێکخراوه‌یی خۆیان هاتبوونه نێو ماجراکه‌وه. دادگا زۆر به‌وردی و به‌شێوه‌ی خشته‌ی کاتی بۆ دانراو، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که ناویان به جۆرێک له په‌روه‌نده‌ی ناوبراودا بوو، بانگ کرده دادگا تاکو تاکه په‌ڕه‌یه‌کی په‌روه‌نده‌که بێ‌پێداچوونه‌وه نه‌مێنێته‌وه.
19/09/2004